دەک کوێر و زەلیل بێت ئەو باوکەی کچی خۆی دەکوژێت
#نەفرەت_لەو_باوکەی_کچی_خۆی_دەکوژێت
کاتێک خێزان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگایەک، بناغەکەی لەسەر ژن بە ژن و گەورە بە بچووک و سێ بە گا و مەرەبەجاش و ئاڵوگۆڕی ژنەکانی بێت، وە تا ئێستاش ئەم نەفامییە کەرەستەی لایک و کۆمێنتی میدیاکان و دراما و کۆمیدیاکان و پێکەنینەکانیان بێت گاڵتەپێکردن و بەسوکڕوانین لە ژنەکان باسی شەو و رۆژانەیان بێت..
مەملەکەتێک، گەورە و بچووک بە هەر جۆرە هۆکارێک تووڕە بن، سەری زمان و بنی زمانیان جنێودان بێت بە خوشک و دایکی یەکتری،
دژ بە گۆرانی و سەما و هەڵپەرکێی خۆیان یەکتری بێئەخلاق و سوک بکەن لەبەرچاوی خەڵک و خۆیان.
ئیڤێنت و ڤیستیڤاڵ و نوێژی بەکۆمەڵ و جنێوی بەکۆمەڵ و سوکایەتی بەکۆمەڵ و گۆڕستانی شەرەفی بەکۆمەڵ بەرهەمیان بێت…
بێگومان ژنەکانی ئەو کۆمەڵگایە هەرچی بکەن و نەکەن، هەرچی بڵێن و نەڵێن، بۆ هەرکوێ بڕۆن و نەڕۆن، چی لەبەر بکەن یان لەبەر نەکەن،دەبن بە قوربانیی فیشەکی شەرەف، جلیکانە نەوتی نامووس، کوتەکی ئابڕوو ،
تێڵای عەیبەی دەستی بێشەرەف و بێنامووس و بەکرێگیراوانی دژ بە نەتەوە و خاکی خۆیان.
دەک کوێر بێت ئەو باوکەی کچی خۆی دەکوژێت.
دەک ملی بشکێ ئەو برایەی خوشکی خۆی دەکوژێت.
دەک داوەشێت ئەو پیاوەی ژنی خۆی دەکوژێت.
رسواو و بەنەفرەتبن ئەو بێکارانەی سۆشیاڵ میدیا کە کارو کاسپیان جنێودانە.
ڕووی ڕەش بێت ئەو دەسەڵاتەی لەبەر ڕاووڕووتی دزی و جەردەییی خۆی ئاگای لە ژیانی هیچ مرۆڤێکی کورد نییە!
#نەفرەت_لەو_باوکەی_کچی_خۆی_دەکوژێت
هاوژین زیبا
٢٢/١٠/٢٠٢٦
